بەشی نێودەوڵەتی: باوەیکە ڕژیمێکی تیرۆریست و گوێلەمستی تلاڤیڤ لە سووریا بە سەرکردەیی جۆلانی لەسەر کارە، بەڵام ئەرتەشی ڕژیمی زایۆنی بەردەوامە لە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربڕی 1974 و کردنە ئامانجی ناوەندە ستراتژییەکان لە قووڵایی خاکی سووریادا؛ فرۆکە جەنگییەکانی ڕژیمی زایۆنی سەرەڕای بوردومانی بینای ئەرکانی گشتیی ئەرتەشی سووریا، بە کردنە ئامانجی شوێنە ستراتژییەکانی سووریا، بەشێکی گرینگ لە هێزی ئاسمانی، دەریایی، بنکە پەدافەندییەکان، هومارە مووشەکییەکان و هتدی ئەرتەشی سووریایان لە دیمەشق و پاریزگاکانی تری وەک لازقیە لەناو برد.
ئەم زنجیرە هەڵمەتانەی ڕژیمی زایۆنی لە سووریا، بۆتە هۆی ورووژانی ئەو پرسیارە، کە بۆچی نتانیاهۆ پاش ڕووخانی ئەسەد، بەردوامە لە دەستدرێژیکردنە سەر خاکی سووریا؟
لەناوبردنی ڕێڕەوگەی ستراتژیکی بەرخۆدان
لە دوو دەیەی ڕابردوو بەرەی بەرخۆدان بە کەڵکوەرگرتن لە هەڤیازیی پەیوەستبوونی ژێئۆپۆلیتکیی، لە هەڵی پڕچەککردنی بەرخۆدانی لوبنان، فەلەستین، سووریا و عێراق بەهرەمەند بوو و دەیتوانی بە کەمترین ئاستەنگ بەرەیەکی یەکە لە بەرامبەر ڕژیمی زایۆنی بکاتەوە. بە واتایەکی تر، سووریا هۆی سەرهەڵدانی ستراتژیی "یەکگرتوویی مەیدانەکان" بوو. کەچی بە گیرانی دیمەشق لە لایەن ڕژیمی جۆلانی و گۆڕانی سیاسەتی ئەو وڵاتە عەرەبییە هەمبەر بە کۆریدۆری گواستنەوەی چەک و جیهازات بۆ سنوورەکانی لوبنان، ڕژیمی زایۆنی هیوادارە بتوانێ لەو ڕێگەوە گەمارۆکانی لە دژی هێزەکانی حزبوڵڵا کامڵتر بکات.
پێشگری لە وەدیهاتنی "دیمەشقی بەهێز"
گۆڕانی یەکجاریی ئەدەبیاتی سیاسەتوانان و میدیا ئیسرائیلییەکان هەمبەر بە دژبەرانی سووریا ەل پڕۆسەی پێش و پاش ڕووخانی ئەسەد، نیشاندەری ڕوانگەی باڵای تلاڤیڤ هەمبەر بە پێگەی ژێئۆپۆلیتیکی-مێژوویی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستە. لەناوبردنی لەسەدا 80ی توانای سەربازیی ئەرتەشی سووریا لە دەسپێکی هاتنە سەرکاری جۆلانی و هێرشی بەربڵاوی ڕۆژی ڕابردووی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر سووریا، نیشاندەری سیاسەتی ئیسرائیل بۆ پێشگری لە سەقامگیربوونی دەسەڵاتێکی بەهێز لە دیمەشقە. بە ئاوڕدانەوە لە ئەزموونی ڕووخانی دەوڵەتی محەمەد مورسی لە میسر، پێدەچێ ئەمجارەش زایۆنییەکان دەیانەوێ پاش هاوکاریی سەرەتاییان لەگەڵ دژبەرانی چەکدار، بەستێنی پێویست بۆ گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی یان دابەشبوونی سووریا بڕەخسێنن.
دابەشبوونی سووریا
گەدعون ساعەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ڕژیمی زایۆنی، پاش گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی لە دیمەشق، ڕاشکاوانە باسی لە پاڵپشتیی ڕژیمی زایۆنی لە کەمینەی کورد و درۆزی لە باکووری ڕۆژهەڵات و باشووری سووریا لە بەرامبەر گرووپە ئیسلامییەکان کرد. ئێستاش پێدەچێ کە لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل لە پاڵپشتیی درۆزییەکان بیانوویەک بێت بۆ دزەکردن لە خاکی سووریا و ڕەخساندنی هەڵی دابەشبوونی و بۆ ئەو مەبەستە ڕژیمی زایۆنی پلانێکی چالاککردووە کە بەپێی ئەو کەمینەی درۆزییەکان لە پارێزگاکانی سوەیدا و قەنیترە هان بدرێن بۆ جیابوونەوە لە سووریا.
ئگەرچی جۆری پاڵپشتیی تلاڤیڤ لە کوردەکانی سووریا جیاوازە و ئەو ڕژیمە لە ڕکابەریی ژێئۆپۆلیتیکی لەگەڵ ئەنقەرە، دەیەوێ پێش بە ثێشڕەویی ئەرتەشی تورکیا و ملیشیا هاوپەیمانەکانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بگرێت و بەو پێیە کوردەکان لە پیلانی زایۆنییەکاندا، ئامرازی کۆنتڕۆڵی جموجۆڵی ناوچەیی ئێران و تورکیان.
ئەنجام
هاوکاتی بوردومانی بەربڵاوی سووریا لە لایەن ڕژیمی زایۆنی، ئەبوومحەمەد جۆلانی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستیی تەحریرولشام و پێکهێنەری دەوڵەتی کاتی سووریا، لە هەڵوێستێکی پەسیڤانەدا ڕایگەیاندووە کە بەدوای شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلەوە نییە. کەچی چاودێرانی سیاسی لایان وایە هەمان دەستەوەستانی و دۆشدامان و لاوازیی ڕژیمی تیرۆریستیی جۆلانی، سەرەکیترین هۆکاری هێرشکردنی زایۆنییەکان بۆ سەر سووریایە؛ بە چەشنیک کە تلاڤیڤ پێی وایە ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ دابەزاندنی سیاسییەکانی خۆی لە سووریا و لەوان دابەشکردنی ئەو وڵاتە.
Your Comment